لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری بانە هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند کەسیان دەسبەسەر کردووە.
بە پێی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیکردووە بە ڕەشبگیری خەڵکی بانە و هەتا ئێستا چەند کەس لە خەڵکی ئەو شارە و گوندەکانی دەورووبەری دەسبەسەر کردووە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان چارەنووسیان ناڕوونە و شوێنی دەسبەسەرکردنیشیان دیار نییە.
هەر بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستمان گەیشتوون چەند کەس بە بنەماڵەوە دەسبەسەر کراون و لە چەند شوێنیش تەقەیان لە خەڵک کردووە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل و یەک ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدان ویستوویەتی خەڵکی کوردستان سەرکوت بکا، بەڵام نەک هەر نەیتوانیوە خەڵک بێدەنگ بکا بەڵکوو خەڵکی کورد لە ماوەی ئەو ٤١ ساڵەدا هەمیشە ئازایانە لە مەیداندا بووە و زەبروزەنگ نەیتوانیوە بیبەزێنێ و لەسەر مافە ڕەواکانی هەر سوور و سوورتر بووە و مەیدانی بۆ داگیرکەرانی کوردستان چۆڵ نەکردووە.