بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و گیرۆدەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، ساڵانە نزیکەی چوار هەزار کەس بەم هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
بەرپرسی گشتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەر ڕایگەیاند، ساڵانە لە ئێراندا بە هەزران کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیان لەدەست دەدەن.
بە پێی ئامارە ڕەسمیەکان لە ئێراندا دوو میلیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسی گیرۆدە بە ماددەی هۆشبەر هەن کە نزیکەکەی لە سەتا پێنجی دانیشتوانی وڵات دەگرێتەوە.
شایانی باسە، ماددەی هۆشبەر یەکێک لەو دیاردە مەترسیدارانەیە کە ساڵانێکە خەڵکی ئێران بە دەستییەوە دەناڵێنن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ژمارەی تووشبوان لە بەرز بوونەوە دایە و بە پێی زۆرێک لە سەرچاوکانی هەواڵ ئەم ئامارانەی لە لایەن دەوڵەتەوە بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی و ژمارەی گیرۆدەبووان بەو ماددەیە زۆر زیاتر لەو ئامارانەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویان دەکاتەوە .
بەهۆی نابەرپرسیارەتی کاربەدەستان لە ئێراندا و ڕێگەنەگرتن لە مامەڵە کردن بە ماددەی هۆشبەر وایکردوە کە تەنانەت منداڵان و ژنانیش بەشێوەیەکی بەرچاو گیرۆدەی ئەم ماددەیە ببن و ببێتە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا.