کۆمیسیۆنی ئەمریکایی پێوەندیدار بە ئازادی بیروباوەڕ لە ئاستی نێونەتەوەییدا وێڕای ئاماژە بە هەڵاواردنی مەزهەبی لە ئێراندا، داوای گەمارۆ خستنەسەر ئەو کەس و لایەنانە دەکا کە ئازادییە مەزهەبییەکان لە ئێراندا بەرتەسک دەکەنەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، کۆمیسیۆنێکی ئەمریکایی تایبەت بە ئازادی مەزهەب لە جیهاندا ڕەخنەی توندی لە هەڵاواردنی مەزهەبی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا گرت و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی گوشار و بێڕێزیکردن بە مەزهەب و ئایینەکانی دیکەی خەڵکی ئێران بێجگە لە مەزهەبی شیعە بە هەموو شێوەیەک پەرە پێداوە و ئەمەش ڕۆژانە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندرێ کە کەسانی سەر بەو ڕێژیمە بێڕێزی بە مەزهەبەکانی دیکە دەکەن، یان گوشار دەخەنەسەر بیرمەندان و لایەنگرانی مەزهەب و ئایینەکانی دیکە لەوانە بەهایی،مەسیحی، سوننی و دەروێشەکانی گونابادی و یارسانەکان و بیروباوەڕەکانی دیکەی خەڵکی ئێران.
ئەو کۆمیسیۆنە داوای لە دەوڵەتی ئەمریکا کردووە، سزای ئەو کەس و لایەنانە بدا کە لە هەڵاواردنی مەزهەبی لە ئێراندا دەستیان هەیە، گەمارۆیان بخاتە سەر و هاتنی ئەو کەسانە بۆ ئەمریکا قەدەغە بکا.












