وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تەقینەوەکەی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: ” ئەم هێرشانە لە هیچ لایەنێکی بەشدار لە ململانێکانی سووریە قبوڵ ناکرێ و داوای ئاگربڕی یەکجاری دەکەین لە سووریە”.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە توویتێکیدا نووسیوویەتی، هێرشەکەی عەفرین بۆ سەر خەڵکی بێتاوان، هێرشێکی تیرۆرستییە و لە هیچ لایەنێکی بەشدار لە ململانێکانی سووریە قبوڵ ناکرێ.
بەپێی دوایین زانیارییەکان لە تەقینەوەکەی دوێنێی بازاڕی عەفرین ٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٧٦ کەسی دیکەش برینداربوون. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕانەگەیاندووە .
ڕوانگەی سووریە بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێ، تەقینەوەکە بەهۆی تەنکەرێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە لەسەر ڕێگەی ناوچەی “راجوو” لە عەفرین.
شایانی باسە کە تورکیە لەڕێگەی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەوە لە ساڵی ٢٠١٨وە ناوچەی عەفرینی داگیر کردووە. بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سپای تورکیە و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٢٠ هەزار دانیشتووی شارەکە و دەورووبەری.
جێگای ئاماژەیە کە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش بەردەوام باس لە پێشێلکارییەکانی هێزە چەکدارەکان دژ بە کوردی ئەو شارە و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری عەفرین دەکەن.












