لە لایەن ئەندامانی یانەی هەڵگوردی پیرانشار چالاکییەکی ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی سێشەممە ۹ی بانەمەڕێ ۹۹ی هەتاوی ئەندامانی یانەی فەرهەنگی و شاخەوانی هەڵگوردی پیرانشار چالاکییەکی فەرهەنگی، ژینگەپاریزییان لەو شارەدا بەڕێوەبرد.
لەو هەڵمەتەدا کە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی دڵسۆز و ژینگەدۆستەوە بەڕێوەچوو، نزیکەی ۱٥۰ نەمام کە بریتی بوون لە قەزوان، بەڕوو، بادام و چەند ڕیشە کاج، بە شێوازێکی زانستی چێندران.
شایانی باسە، ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەدۆستەکان لەسەر دەستی کەسانی دڵسۆز و خۆبەخش ساڵانە چەندین چالاکی ژینگەپارێزی، وەک خاوێن کردنەوەی ژینگەی کوردستان، نەمام چاندن و هۆشداریدان بە خەڵک لە پەیوەندی لەگەڵ پاراستی ژینگە چەندین کۆڕ و سمیناری تایبەت بەڕێوەدەبەن.
ساڵانێکە ژینگەی کوردستان لە لایەن کەسانی بەرژەوندیخواز و مافیاکانی ژینگە تێکدەدرێ و ئەرکی پاراستنی ژینگەی کوردستان کەوتۆتە ئەستۆی کەسانی نیشتماندۆستی وڵات و خوازیارن خەڵک خۆیان لە بەرامبەر پرسی ژینگەی کوردستان بە بەرپرسیار بزانن.