لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگە بە شۆفێرانی ئێرانی نادرێت بێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرپرسی گومرگی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد کە کرانەوەی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی لەگەڵ ئێران تەنیا بۆ ئاڵوگٶڕی بازرگانییە.
“ساماڵ عەبدولڕەحمان” لە وتوێژێکدا کە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵدەریی بەغدا کردویەتی گوتی: “کرانەوەی سنوورەکان تەنیا بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێ شۆفێرانی ئێرانی بێنە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە”.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە گەشتیارانی ئێرانی نادرێ بێنە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە و کرانەوەی ئەم سنوورانە تەنیا بە مەبەستی بازرگانی کردن و ڕێگە گرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی کالاکانە.
شایانی باسە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمەوە سنوورەکانیان بە ڕووی بازرگانان و گەشتیارانی ئێرانیدا داخستوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە.