وتە بێژی هیزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە گیانلەدەستدانی چەند پزیشک و کادری دەرمانی هەرهیچ نییە .
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: “مردنی چەند پزیشک و کادری دەرمانی هەرهیچ نییە و پەتای کۆرۆنا نەیتوانیوە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لاواز بکا.
ڕۆژی سێشەممە “ئەبولفەزل شکارچی” وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە بەرنامەیەکی میدیاییدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی توانیویانە بەسەر کۆرۆنادا سەرکەون و ڕاددەی وشیاریی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەرەوەیە.
بەڵام ئێمە توانیومانە ٣ هەزار و ٦٠٠ کەس دەسبەسەر بکەین کە ئاماری کۆڕۆنایان بڵاوکردۆتەوە و ١١٣٦کەسی دیکەش پەروەندەیان بۆ سازکراوە کە دەسبەسەر بکرێن.
شایانی باسە کە ناوبراو بەلایەوە گیانلەدەستدانی خەڵکی ئێران هەر هیچ نییە و تەنیا ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی و هێزە چەکدارەکانی گرینگە کە خەڵک بکوژن یان ئەو کەسانەی کە درۆ و چەواشەکاری و کەمکارییەکانی ڕێژیم و هەواڵی ڕاست و دروست بڵاودەکەنەوە، دەسبەسەر بکەن.
جێگای ئاماژەیە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هیچ کارێکیان بۆ پێڕاگەیشتنی تووشبوانی کۆڕۆنا لەدەست نەهاتوە، هەتا کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ پێشگیری یا بە قسەی خۆیان سەرکەوتن بەسەر کۆڕۆنادا بە شان و باهۆی هێزە چەکدارە دژی گەلییەکانیان هەڵبڵێن و لە لایەکی دیکەشەوە مەرگی سەدان دوکتۆر و پەرستاری ماندوو و ماندوویینەناس بە بێ بایەخ لەقەڵەم بدەن.