بەهۆی بڵاوبوونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بێ بەرنامەیی دەسەڵات بە دۆخی کرێکاران دەیان هەزار کرێکاری وەرزی لە ئێران بێکار بوون.
بە گوتەی ئەندامێکی شوڕای شاری مەشهەد، بەهۆی بڵاوبوونەی کۆرۆناوە تەنیا لە مەشهەد نزیکەی ٤٠ هەزار کرێکار بێ کار بوون.
“شەهناز رمارم” لەم پێوەندییەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە لە سەتا ٧٩ی داهاتی شاری مەشهەد لەسەر کاری بیناسازییە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆربەی کرێکارنی وەرزی کارەکانیان لەدەست داوە.
لە چەند ڕۆژی پێشوودا، “هادی ساداتی” بەرپرسی ئەنجومەنی سینفی کرێکارانی مازندەران لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی “ئیلنا” ڕایگەیاند، بە هۆی قەیرانی کۆرۆنا و پێڕانەگەیشتنی حکوومەت بە کرێکارانی بیناسازی، ئەو بنەماڵانە لە دۆخێکی کارەساتباردا دەژین و تەنانەت پارەی کڕینی نانیشیان نییە
دۆخی ژیانی کرێکاران لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەردەم خراپ و نالەبار بووە و بەهۆی کەمیی حەقدەست و کەمی کارەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی بێکارانی ئێرانزیاتر دەبێ و دەوڵەتیش لەوبارەوە هەروەک هەمیشە خەمسارد و کەمتەرخەمە و هیچ بەرپرسایەتییەک لە بەرانبەر گیانی کرێکاران و بێکارانی وڵاتدا لەئەستۆ ناگرێ.
شایانی باسە، بەهۆی بێ پلانی و بێ بەرنامەیی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر پرسی کرێکاران، دۆخی ژیانی کرێکاران زۆر خراپە و بەم هۆیەوە ساڵانە کرێکارێکی زۆر بە تایبەت ئەو کرێکارانەی کرێکاری ڕۆژکار و وەرزین کارەکانیان لەدەست دەدەن.