تەقینەوەی تانکرێکی نەوت لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و تا ئێستا هیچ لایەنێک تەقینەوەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
تەقینەوەکەی شاری عەفرین کە لە ناوەندی بازاڕی ئەو شارە و لە ڕێگەی تانکرێکی سووتەمەنییەوە ڕوویدا، تا ئێستا باس لە کوژرانی ٥٢ کەس و زیاتر لە ٢٠٠ کەس بریندار دەکرێ کە دۆخی بەشێک لە بریندارەکانیش ناجێگیرە.
هەرچەند کە تورکیە و لایەنە تێرۆریستییەکانی سەر بەو وڵاتە لە سووریە یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ئەنجامدەری تەقینەوەکە دەزانن بەڵام هێزە کوردییەکان ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە.
شایانی باسە کە شاری عەفرین چەند ساڵ پێش لە لایەن دەوڵەتی تورکیە و گرووپە تێرۆریستییەکانی سەر بە تورکیەوە داگیر کراوە و لەوکاتەوە تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتی میلیشیا تێرۆریستییەکانی سووریە دایە کە لەلای دەوڵەتی تورکیەوە پشتیوانییان لێدەکرێ.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم تەقینەوە لە لایەن زۆربەی وڵاتان و لەوانە ئەمریکا و فەرانسە و بریتانیاوە مەحکووم کرا.












