دوو لاوی خەڵکی شاری شنۆ بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سپای تورکیەوە گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکیش برینداربوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بۆردومانکردنی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای تورکیەوە، دوو لاوی خەڵکی شنۆ کە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری چووبوونە ئەم ناوچەیە گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی سێشەممە، ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە بەرزاییەکانی سنووریی هەرێمی کوردستانیان لە “خواکورک” بۆردومان کرد و لە ئاکامدا دوو لاوی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ” فاخیر تازەوارد” تەمەن ٣٥ ساڵ و “ڕەشید پیرۆتی” تەمەن ٣٦ ساڵ کە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری چووبوونە ئەو ناوچەیە گیانیان لەدەستدا.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە، تەرمی ئەو دوو لاوە لە بەرزاییەکانی خواکورک ماوەتەوە و بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە بیانگوزانەوە بۆ شاری شنۆ.
هەر بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن خەڵکی شاری شنۆوە باسی لێوە کراوە جگە لە کوژرانی ئەم دوو لاوە چەند کەسی تریش هەر بەم هۆیەوە بریندار بوون.