دوو زیندانی کورد بە ناوەکانی “زرار پەیغامی” خەڵکی شنۆ و “فایەق شەریفی” خەڵکی دیواندەرە لە سێدارەدران.
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، “زرار پەیغامی” زیندانی مەحکووم بە “کوشتنی بە ئەنقەست” تەمەن ٥٣ ساڵ و، خەڵکی شنۆ لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا.
ناوبراو چەند ساڵ پێش بەهۆی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کرا و حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا و دوای مانەوەی ساڵانێک لە بەندیخانە دواجار ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی بۆ جێبەجێکردنی حووکمەکەی بۆ بەندی تاکەکەسی ئەو زیندانە ڕاگوێزرابوو.
جێی ئاماژەیە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری خەڵکی شاری شنۆ و داواکارییان لە بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ لێخۆشبوون لە تاوانەکەی هەوڵەکانیان بێ ئاکام مایەوە و لەسێدارە درا.
لە لایەکی تریش زیندانییەکی تر بە ناوی ” فایەق شەریفی” خەڵکی دیواندەرە لە زیندانی سنە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارە درا.
شایانی باسە، لە ماوەی چەند ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا، لە ئێران کە لەو مانگەدا حوکمی سێدارە بەڕێوە ناچێ، حوکمی سێدارەی چەند هاووڵاتییەک جێبەجێ کرا و ڕۆژی ڕابردووش ٨ی بانەمەڕی١٣٩٩ی هەتاوی حوکمی سێدارەی هاووڵاتیەک بە ناوی “کەیوان ئەڵڵا مورادی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی “بوڵوانئاوای”ی دێولان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.