کەسوکاری قوربانییانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ناڕەزایەتی خۆیان بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی جینایەتەکە دەربڕی.
پاش ئاشکرابوونی پێوەندی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەزیری دەرەوەی ئۆکراین بۆ پەردەپۆشکردنی جینایەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە کە بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی ١٧٦کەس، بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لە فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەستداوە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
“حامد ئیسماعیلیوون” وتەبێژی بنەماڵەی قوربانییەکان لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسی کە ئاژاوەیەک بە ناوی کۆماری ئیسلامی لە ئابڕووچوون ناترسێ و بکوژانی ژن و بنەماڵەکانی ئێمە بە ناوی قارەمانی بەرگری لە بەیتی خامنەیی لەمیدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا دەردەکەون، بڵێی کامیان قارەمانتربێ. “محەممەدجەواد زەریف” یان “ئەمیرعەلی حاجیزادە”،کە زۆر بێشەرمانە چنگیان بە خوێنی منداڵەکانی ئێمە سوور دەکەن و بە پێکەنینەوە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو قارەمان دەردەکەون یان دەیانەوێ بە پارە خوێنێ ڕۆڵەکانمان و ئەو جینایەتەی کردوویانە لە بیری خەڵکی ئێران و بە تایبەت بنەماڵەی قوربانییەکانی ببەنەوە.
دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕایینیەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕیسواییەکی دیکە بە کارنامەی ڕیساویی ٤١ ساڵەی کۆماری ئیسلامییەوە زیاد بوو و تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی سندووقە ڕەشەی فڕۆکەکەی بۆ لێکۆڵینەوە ڕادەستی هیچ وڵاتێک نەکردووە و کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بەجۆرێک لەو کەیسە دەرباز بێ و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ هەوڵ و پیلانێک درێغی ناکا و بنەماڵەی قوربانییەکانیش بەردەوامن لە سکاڵاکردن و ناڕەزایەتی بەو سیاسەتە دژی مرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.












