بەهۆی هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆسەر باشووری دیمەشق ژمارەیەک لە هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.
لەم هێرشەدا کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، لە لایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی، سێ کەس کوژراون و هەروەها ، چاودێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندوە جگە لەو سێ کەسە، لانیکەم چوار شەڕکەری تر لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.
هەواڵدەریی دەوڵەتی سووریە،” سانا” پێشتر ڕایگەیاندبوو کە مووشەکەکان لە لایەن ئیسڕائیلەوە نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپێکێ و پێش گەیشتن بە شوێنی مەبەست لەکارکەوتووە، بەڵام لە دوو شوێن لە باشووری دیمەشق بەهۆی پارچەی مووشەکەکانەوە چەند کەس کوژراون و برینداربوون.
جێی ئاماژەیە، ئەو هێرشە بە مەبەستی زەربەلێدان لە گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان کراوە و دەوڵەتی ئیسرائیل تا ئێستا لەم پێوەندییەدا بێدەنگە و هیچ لێدوانێکی نەداوە و، بە پێی ڕاپۆرتی “سانا” ئەم مووشەکانە لە سنووری ئاسمانی لوبنانەوە تێپەڕیون.
شایانی باسە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە لە ساڵی ٢٠١١ەوە، سپای ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر سپای سووریە و گرووپە ئێرانییەکانی هاوپەیمانی بەشار ئەسەد لەو وڵاتەدا.











