بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێراندا ٥٣٠٠ میلیارد تمەن زیان بە کەرتی گەشتیاریی ئەم وڵاتە گەیشتووە.
بە گوتەی بەرپرسی ناوەندەکانی گەشتیاریی لە ئێراندا، ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا لە دوو مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا، ٥٣٠٠ میلیارد تمەن زیانی بە کەرتی گەشتیاری ئەم وڵاتە گەیاندووە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، “جەمشید هەمزەزادە” لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە گوتی: ” گەشتیاری یەکێک لەو پیشانە بوو کە لە کاتی دەورانی کۆرۆنادا زیانێکی زۆری بە بڕی ٥٣٠٠ میلیارد تمەن تەنیا لە دوو مانگدا لێکەوتووە”.
هەروەها لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد، ” لەم زیانانەی کە لەو کەرتە کەوتۆتەوە ئەوەیە کە ٢٤٠ هەزار کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ٥٥٠ هەزار کەس ناڕاستەوخۆ لەو کەرتەدا خەریک بە کارن”.
شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە جیهاندا جیا لەوەی کە ژمارەیەکی زۆر بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، خەسارێکی زۆریشی بە هەموو جومگە ئابوورییەکانی وڵاتان گەیاندوە و لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا لە نەبوونی بەرنامە و پلانی ئابووری گونجاو و ژێرخانێکی ئابووری باش زیاتر خەسارەکانی بەدیار دەکەوێت، کەرتی گەشتیاریش کە یەکێک لەو کەرتانەیە پەیوەندی بە سەردانی گەشتیاران هەیە، بەهۆی مانەوە و قەرەنتینەبوونی خەڵک و داخرانی سنوورەکان زیاتر لە هەر کەرتێک زیانی لێکەوتووە.