کاک “سمایل عێزەت سینگان ” ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی هەینی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی کاک “سمایل عێزەت سینگان” ناسراو بە “سمایلی حەلیمێ” خەڵکی ئاوایی “شێخان”ی شنۆ لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک سمایل لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و چالاک ئەرکی پێ ئەسپێردراوی حیزبی بە باشترین شێوە ڕادەپەڕێنێت.
ناوبراو بەکەسێکی خۆش نێو و قسەخۆش لەنێو خەڵکدا ناسرابوو، بەردوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا باسی نیشتمانپەروەری و ڕزگاری گەلەکەی دەکرد.
یەکێک لە ئاواتەکانی ناوبراو کە بەردەوام لای هاوڕێکانی باسی دەکرد ئەوە بوو ئەگەر کۆچی دوایی کرد، هەواڵی مردنی لە کوردکاناڵ بخوێندرێتەوە و لە دەنگ و ڕەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا باسی نیشتمانپەروەری وحیزبی بوونی بکرێت.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک سمایل و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و پێیان ڕادەگەیەنین کە حیزبی دێموکرات هیچ کات دڵسۆزی و وەفاداربوونی ناوبراو و تێکۆشەرانی وەفادار بە حیزب و گەلەکەی لە یاد ناکاو یاد و ناویان بەرز و پیرۆز دەمێنێتەوە.