ماوەی ٦٧ رۆژە حکومەتی ئێران بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەو وڵاتە ڕاگەیاندووە. دوای ماوەیەک هەڵکشانی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، ئێستا بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی، ئامارەکان کەمی کردووە. تا ئێستا ٩٠ هەزار و ٤٨١ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران هەیە.
لەم ماوەیەدا دژبەیەکی لەنێوان بەرپرسانی حکوومەت و هەندێک لە کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی، بووەتە هۆی نیگەرانیی هاووڵاتییان و لە لایەکی دیکەشەوە کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی باس لە دۆخی خراپی تەندروستیی هەندێک لە پارێزگاکان و دەستپێکی شەپۆلێکی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن.
“محەممەد مێهدی گوویا”، سەرۆکی ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئێران ڕایگەیاند ” لە هەندێک لە پارێزگاکان ئامارەکان ڕوو لە هەڵکشانن، بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی کە میوانی زۆر ڕووی تێدەکەن، وەکو پارێزگای ورمێ، تەورێز، فارس، تاران، خووزستان، هەروەها ئامارەکان ڕوو لە هەڵکشانن و دەبێت خەڵک ئاگاداری دۆخەکەبن؛ بێتو خەڵک ڕێکارەکان جێبەجێ نەکەن، شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا سەرهەڵدەداتەوە”.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی حکوومەت دەڵێن، دۆخەکەیان لە کۆنترۆڵدایە و توانیویانە بە هاوکاری و هاودڵی، بگەنە دۆخێکی باشتر. “حەسەن رووحانی”، سەرۆککۆماری ئێران لە دوایین لێدوانیدا، ئێران بەسەر سێ دۆخی سوور، زەرد و سپیدا دابەش دەکات و دەڵێ، لەمەوبەدوا بەپێی ئەو ڕەنگانە، لە ١٢٧ ناوچەی سپی ئێران مزگەوتەکان و شوێنە ئایینییەکان دەکرێنەوە.
سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند ” پێشنیارمان ئەوەیە کە دابەشکارییەکی نوێ بەسەر وڵاتەکەماندا بێنین، ئەویش بەپێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ نموونە، ئەگەر لە شارێکدا یەک هەفتە هیچ تووشبوویەکی نوێ تۆمار نەکرا و کەسیش گیانی لەدەست نەدا، ئەو شارە بە شاری سپی تۆماردەکرێت و ناوچەکانی دیکەش وەکو دۆخی زەرد و سوور، دابەش دەکەین. ئێستا لەو ١٢٧ ناوچەیەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندوون، دۆخی سپییە و لە هەفتەی داهاتووەوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێکارە تەندروستییەکان، شوێنە ئایینییەکانی ئەو ناوچانە دەکرێنەوە”.
ئەگەرچی “حەسەن رووحانی” ناوچە سوور، زەرد و سپییەکانی دیاری نەکردووە، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی تەندروستیی خۆجێیی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەری ئەوە هەیە کە لانیکەم سێ پارێزگای ورمێ، سنە و لوڕستان لە دۆخی سووردا بن و پارێزگای کرماشان و ئیلامیش بکەونە دۆخی زەردەوە. دیارینەکردنی ئەو ناوچانەش لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتەوە دەبێتە هۆی نیگەرانی لەوەی کە دەستپێکردنەوەی رێوڕەسمە ئایینییەکان بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، مەترسییەکی گەورە بۆ ڕۆژانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران دروست بکا.