لەگەڵ سێهەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، لە ئێران کە لەو مانگەدا حوکمی سێدارە بەڕێوە ناچێ، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕی١٣٩٩ی هەتاوی حوکمی سێدارەی هاووڵاتیەک بە ناوی “کەیوان ئەڵڵا مورادی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی “بوڵوانئاوای”ی دێولان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
ناوبراو خێزاندارەو و باوکی کچێکی ٦ ساڵەیە، چوار مانگ لەمەوبەر لە بەندیخانەی قوروەوە ڕاگوازراوە بۆ بەندیخانەی سنە.
هاوژینی کەیوان ئەڵلا مورادی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ناوبراو پێنچ ساڵ لەمەوبەر لە تێکهەڵچوونێکی سەر شەقام کەسێکی خەڵکی قوروەی بە ناوی” عیماد خالیدیان” کوشتبوو. ناوبراو دواتر دەستبەسەر کراو لە لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپابوو.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ ڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزان حوکمی لەسێدارە لەو مانگەدا جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ،”جەباری” داواکاری گشتیی شاری سنە بە هۆی ئەو گوشارەی کە لە ئەنجامی هەڵاتنی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز لە سەریەتی، سوورە لە سەر جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی چەند هاووڵاتیی دیکە لە ڕۆژانی داهاتوودا.