پاش هەڕەشەکانی ئەمریکا کە داوای لە حکوومەتی عێراق کردبوو هێزەکانی حەشدی شەعبی یان دەبێ تێکەڵ بە هێزەکانی ئەرتەشی عێراق بکرێن یان هەڵبوەشێندرێنەوە، وەزارەتی بەرگری و مەرجەعییەتی سیستانی هێزەکانی خۆیانیان جیا کردەوە .
پاش قسەکانى وتەبێژى وەزارەتى بەرگرىی عێراق کە گوتى هێشتا بۆ جیاکردنەوەى تیپەکانى مەرجەعییەت لە حەشدى شەعبی و تێکەڵکردنیان بە وەزارەتى بەرگرى یەکلانەکراوەتەوە، مەرجەعییەت و فەرماندەى تیپەکانى مەرجەعیەت نیگەران بوون و بە پەلە لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کردووە .
“هادى عامرى” سەرۆکى سازمانى” بەدر” و هاوپەیمانیی” فەتح”، نیگەرانیی خۆی بە “سەید ئەحمەد ئەلسافى” وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراق ڕاگەیاندووە و داوای چارەسەریی بە پەلەی ئەو دۆخەی کردووە.
هەروەها عامری بە نوێنەرى مەرجەعییەتی سیستانی لە کەربەلای گوتووە کە ئەو ئاگادارى جیاکردنەوەى تیپەکانى سەر بە مەرجەعییەت لە حەشدى شەعبی نەبووە و قبووڵ ناکات حەشدى شەعبی بێ ئەو تیپانە بێت، چونکە حەشدى شەعبی مەشروعییەت و بەهاى خۆى لە مەرجەعییەتەوە وەردەگرێت.
ئەم شڵەژاوییەش کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نیگەران کردووە و بۆ پێکەوە لکاندنەوەی باڵەکانی حەشدی شەعبی لە هەوڵدایە و دەیهەوێ بۆ مەبەستەکانی خۆی ڕێکیان بخاتەوە.












