“مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی ئامادە کردووە کە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ‘نیۆیۆرک تایمز” مایک پۆمپێئۆ خەریکی ئامادەکردنی گەڵاڵەیەکی نوێیە کە بەرنامەیەکی جیاواز و ئاڵۆزی وەکوو ستراتیژی درێژمەودای ئەمریکا بۆ گوشار خستنەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران دیاری دەکا.
بە پێی هەواڵەکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو گەڵاڵەیەدا دەیهەوێ لە ڕێککەوتنی بەرجامدا کە پێشتر ترامپ لێی کشابۆوە بمێنێتەوە و لەوێوە گوشار بخاتە سەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆ سەربازی و نیزامییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی کە چەند مانگی دیکە ماوەکەی تەواو دەبێ، یان وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێککەوتنە بتوانێ وەکوو ئەمریکا بۆ خۆی ماوەی گەمارۆکان درێژ بکاتەوە و گوشاری زیاتریش بخاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران .
شایانی باسە کە تەواو بوونی ماوەی ئەم گەمارۆیانە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر گرینگە بە چەشنێک کە “حەسەن ڕۆحانی” سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەزەڵوەردا ڕایگەیاند کە تەواوبوونی ماوەی گەمارۆ سەربازییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگییەکی تایبەتی سیاسی و ئاسایشیی هەیە و هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەو مەبەستە وەگەڕدەخەین.












