لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا بەشێک لە چالاکانی کرێکاری لە شاری سەقز بە بەڕێوەبردنی چالاکییەک پێشوازیان لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران کرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک لە چالاکان بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشمی تایبەت و داواکردنی مافەکانی کرێکاران، وەک ئازادی زیندانیانی سیاسی و کرێکارانی زیندانی، باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران بە دروشمی قەرەنتینە بەبێ دابین کردنی بژێوی ژیان واتە برسیەتی، هەروەها زیادکردنی مووچەی کرێکارن، باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران چالاکییەکەیان بەڕێوەبرد.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی ١ی مەی لە سەرتاسەری جیهاندا بە ڕۆژی جیهانی کرێکاران ناودێر کراوە و لە زۆرێک لە وڵاتاندا ڕێوڕەسمی جیاواز بۆ ڕێزگرتن لە ئەرک و ماندووبوونی کرێکارانی جیهان ساز دەکرێت. ڕێکخراوەکانی مافی کرێکاران بە چالاکی و ڕێپێوان یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە.
شایانی باسە، لە کاتێکدا بەرە و ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دەڕۆین کە تاوەکوو ئێستا و دوای چەندین ساڵ تێپەڕین بەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بۆ کرێکاران و گوێگرتن لە ماف و داواکاراییەکانیان، بەڵام لە ئێراندا کێشە و گرفتی کرێکاران نەک چارەسەر نەکراوە بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و گوزەرانیان خراپتر دەبێ، کارەکانیان لەدەست دەدەن و لە بەرامبەر ماندووبوونیان زۆربەی کات مووچەکانیان پێ نادرێ و بەشێکی زۆری کرێکارانیش تەنیا بەهۆی داواکردنی مافەکانیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان و مافیان پێشێل دەکرێ.