لەگەڵ ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا جارێ هەر مەترسییەکی گەورەیە و خەڵک لە دڵەڕاوکێدا دەژین بەڵام لە هەمان کاتدا ژیان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێ.
لەگەڵ ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ماوەیەکە نیوەی خەڵکی جیهانی لە کونجی ماڵەکانیان خزاندووە و بێکاری هەموو جیهانیی داگرتووە، بەڵام قەرەنتینە و بێکاری و نەداری و دەستەوەستانی دەوڵەتان وایکرد کە خەڵک لەوە زیاتر لە ماڵەکانیان نەمێننەوە و دەوڵەتانیش بۆ پێشگیری لە ناڕەزایەتی خەڵک و داڕمانی ئابووری بەشێوەی جۆراوجۆر ڕێگاوبانەکانیان ئاواڵە کرد و دووکان و بازاڕ و کارگەکانیان کردەوە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە بێ جیاوازی سەری بە ماڵی پاشا و گەدادا دەکرد، ئەم ڕۆژانە سەرۆک وەزیرانی بریتانیای خستە نەخۆشخانە و ژێر چاودێری پزیشکی، بەڵام بەپێی هەوڵی هەواڵدەرییەکان، “بۆریس جانسۆنی” سەرۆک وەزیر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی.
لە فەڕانسە کە قەرەنتینە بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ کرابۆوە، بڕیارە پێداچوونەوە بەو فەرمانەی دەوڵەتدا بکرێ.
لەگەڵ ئەوەی کە ٢٠ وڵاتی جیهان لە هەوڵی هاوپەیمانیەتییەکی بەربەریندان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا بەڵام تا ئێستا بەکردەیی نەیانتوانیوە ڕێگری لە مردنی خەڵک بکەن.
کۆڕۆنا لەگەڵ کوشتنی خەڵک لە هەمان کاتدا زەبرێکی گەورەی لە ئابووریی جیهاندا و وڵاتان بە میلیارد دۆلاریان بۆ پێشگیری لە هێرشی کۆرۆنا تەرخان کرد.
بەپێی دوایین هەواڵ و ئامار و زانیارییەکان تا ئێستا کۆڕۆنا ٣ میلیۆن ئینسانی بەخۆیەوە گیرۆدە کردوە و بە میلیۆنان ئینسانیشی ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کردووە، هەتا بزانن کۆڕۆنا تێکەڵاوی خوێنیان بووە یان نا.
لەگەڵ ئەوەی کە نزیک بە ٣ میلیۆن کەس تووشی بەڵای کۆڕۆنا بوون، قوربانیانی ئەم ڤایرۆسەش لە ٢٠٥ هەزار کەس تێپەڕیوە و ماڵاواییان لە ژیان کردووە.
لەگەڵ ئەوەی کە کۆڕۆنا هێرشێکی گشتگیری کردە سەر جیهان بەڵام ململانێی دەوڵەتان و شەڕ و کوشت و کوشتار پەکی نەکەوتووە و هەر بەردەوامە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا ڕۆژانە دەیان کەس بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیان لەدەست دەدەن و برسیەتی، بێکاری، نەبوونی و گەمارۆکان ڕوویان لەم وڵاتە کردووە، بەڵام ئاخوندەکان بۆ مەبەستە چەپەڵەکانی خۆیان جارێ هەر لە فکری سازکردنی مووشەک و کەرەسەی جەنگیدان و بیرێک لە ئاوەدانی، ئاشتی، ژیانی بێکار و هەژاران ناکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاویکردوونەتەوە، لە ئێران ٩٠ هەزار و ٤٨١ کەس تووشی کۆڕۆنا بوون کە ٥٧١٠ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بڵاوبوونەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٣٨ کارمەندی تەندروستی تووشی کۆڕۆنا بوون و ژمارەیەکیان گیانیان لەدەست داوە.












