له شاری سنە ڕێز لە پزیشک و پەرستار و کادرە دەرمانییەکان گیرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی بانەمەڕی ۱۳۹۹ی هەتاوی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە لە ژێر ناوی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” و دەیان چالاکی مەدەنی تر سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنەیان کرد و، بە پێشکەشکردنی گوڵ و لەوحەی ڕێزلێنان ڕێزیان لە زەحمەت و ماندووبوونی ئەو کارمەندانە گرت و سپاس و پێزانینیان ئاڕاستە کردن.
جێی ئاماژەیە، لەو ڕۆژە سەختانەی کۆڕۆنادا و لە کاتێکدا پزیشکان و پەرستاران بە کەمترین ئیمکاناتی پزیشکی لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە لە دژی کۆڕۆنادان، لە لایەکی تریشەوە بێخەمی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە گرینگی نەدان بە کادری دەرمانی و پزیشکەکان کێشەی ئەوانی چەند جار زیاتر کردوە.
بەڵام ئەو توێژە زەحمەتکێشەی کۆمەڵگە لە هیچ چەشنە خزمەتێک بە کۆمەڵگەکەیان درێغیان نەکردوە و لەم پێوەندییەدا ژمارەیەکی زۆریان تووشی ڤایرۆسەکە بوون و گیانیان لەدەستداوە.
جێی ئاماژەیە، لە درێژەی کار و چالاکییە گرینگەکانی ڕێکخراو و ئەنجومەنە خەڵکییەکان و کەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ماوەیەکە بۆ ڕێزگرتن لە کارمەندانی تەندروستی و بەرزنرخاندنی کارەکانیان سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و ڕێز لە ماندووبوونیان دەگرن.