بەهۆکاری هەڵدانی مانگی دەسکرد، ئەمریکا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد گەمارۆ بخاتە سەر وڵاتی ئێران.
دوای ئەوەی کاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاند کە مانگێکی دەسکردیان ڕەوانەی ئاسمان کردوە، کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە و لەم پێوەندییەدا ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە هەموو ئەو کەس و لایەن و ناوەندانە تەحریم بکەن کە دەستیان هەیە لە بەرنامەی مووشکی ئێراندا.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوو کە جگە لە ئەمریکا هەر یەک لە وڵاتانی ئیسراییل، ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا هەڵدانی مانگی دەسکرد و مووشەکی دوورهاوێژیان لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بۆشایی ئاسمان مەحکووم کرد و داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد یاساکانی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرێ.
لە لایەکی دیکە “مایک پۆمپیئو” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی گوتی: “جێگەی داخە لە کاتێکدا ئێران بە دۆخێکی قەیراناوی ئابووریدا تێدەپەڕێ و دۆخی ژیانی خەڵک زۆر خراپە و هەروەها، لە لایەکی تریش ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بەهۆی کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر لە هەوڵی گرینگیدان بە بەرنامە مووشەکییەکانی و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکانی دەورووبەریدایە و ئەوەی بە لایەوە گرینگ نییە دۆخی ژیانی خەڵکە و هیچ هاوکارییەکیان ناکا”.
جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی٩٩ی هەتاوی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگێکی دەستکردی بە مەودای ٤٢٥ کیلۆمیتریی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کردوە و ئەوەش لەگەڵ ناڕەزایەتی زۆری وڵاتانی جیهانی بەرەوڕووبۆتەوە.











