“مستەفا کازمی” کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهپێنانی حکوومەت، لەلایەن کوتلە سیاسییە شیعەکانەوە ڕووبەڕووی گرفتی نوێ دەکرێتەوە.
یەکلایی کردنەوەی کاندیدی وەزارەتەکان و پشکی لایەنەکان لە کابینەی حکوومەتەکەیدا، لەگەڵ نەرمی نواندنی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، ئەو پرسانەن کە بوونەتە گرفت لەبەردەم مستەفا کازمی دا.
“مستەفا کازمی” پێشتر لەلایەن بەشێک لە شیعەکانەوە بە نزیکایەتی ئەمریکا تۆمەتبار دەکرا، بەڵام ئەو هێزانە بەناچاری ڕازی بوون بە دوورخستنەوەی “عەدنان زورفی” و هێنانە پێشەوەی کازمی، بۆیە بەشێک لەچاودێران پێیانوایە لەمپەری ئێستای لایەنە شیعیەکان، پەیامێکن بۆناوبراو.
پێش “مستەفا کازمی”، هەریەک لە “محەمەد تۆفیق عەلاوی” و “عەدنان زورفی” لە پێکهێنانی حکوومەتدا شکستیان هێنا، بۆیە لە ئێستاوە خویندنەوەی جیاواز بۆ ئەگەری شکستهێنانی کازمیش دەکرێت، بەشێک پێیانوایە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و بەشێکی تر، وایدەبینن کە هیچ چارەیەکی تر نامێنێ، جگە لە خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
هەرچەندە لایەنە شیعییەکان ناچارن بە مامەڵەکردن لەگەڵ کازمی، بەڵام هەندیک “تەیار”ی نێو ئەو لایەنەنانە، لەهەوڵی دروستکردنی کێشە و گرفت دان بۆی.
لێرەشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لایەنێکی کێشەکانی عێراقە و لە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە، کۆماری ئیسلامی بەهۆی دەست و پێوەندییەکانییەوە بۆتە گرفتێکی گەورەی ئەو وڵاتە و لە عێراقیش شیعەگەریی کردۆتە کارتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئاژاوەگێڕی و خۆسەپێنییەکانی و شیعە و سووننەی ئەو وڵاتەشی بەگژ یەکدا کردووە و ناهێڵێ عێراق ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ.












