گرووپێکی چەکدار لە باشووری یەمەن، کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانیان لێدەکرێ، حکوومەتێکی سەربەخۆیان ڕاگەیاند، حکوومەتی یەمەنیش دەڵێ کە ئەم هەنگاوە کارەسات بەدوای خۆیدا دێنێ.
بزووتنەوەی باشوورکە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانییان لێدەکرێ، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گوڵانی ٩٩ی هەتاوی حکوومەتێکی سەربەخۆیان بە ناوی ئەنجوومەنی تێپەڕینی باشوور ڕاگەیاندوە.
ئەو بزووتنەوەیە دەمێکە داوای سەربەخۆیی دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەوەدایە یەمەن بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ساڵی نەوەدەکان، واتە بەر لە یەکگرتنەوەی یەمەنی باکوور و باشوور.
ئەو گرووپە، حکوومەتی دانپێداندراوی یەمەن کە لەلایەن عەرەبستانەوە پشتیوانیان لێدەکرێ، بە گەندەڵ ناو دەبات، هەر ئەوەشی کردوە بە پاساوی جیابوونەوە لەو حکوومەتە و ڕاگەیاندنی حکوومەتێکی دیکە.
لەبەرامبەریشدا حکوومەتی دانپێداندراوی یەمەن هەنگاوەکەی ئەو گرووپە بە مەترسییەکی گەورە ناو دەبات. “محەممەد حەزرەمی”، وەزیری دەرەوەی یەمەن لەبارەی ڕاگەیاندنی ئەو ئیدارە سەربەخۆیەوە دەڵێ: “ڕاگەیەندراوەکەی بە ناو ئەنجوومەنی تێپەڕین بۆ ڕاگەیاندنی ئیدارەیەک لە باشووری یەمەن دەستپێکردنەوەی یاخیبوونی چەکدارییە”.
شایانی باسە کە شەڕی نێوخۆیی یەمەن لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥دەستی پێکردوە و تائێستا ناکۆکی و پێکدادانەکان بەردەوامن.
جێگای ئاماژەیە کە لە باکوور حوسییەکان، لە باشوور حکوومەتی دانپێداندراو و گرووپێکی چەکداریش بە ناوی بزووتنەوەی باشوور حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن و هیچ یەکێکیان دان بەوەی دیکەدا نانێت.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێکی گرینگی شەڕی نێوان یەمەنییەکانە کە ئەو ڕێژیمە ئاژاوەگێڕە بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی مەزهەبیی بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتە بۆتە لایەنێکی شەڕەکە و درێژە بە وێرانی یەمەن و خوێنڕشتنی یەمەنییەکان بە دەستی یەکتر دەدا و بۆ خۆشکردنی شەڕی براکوژی لە یەمەن دا لە هیچ پیلانێک درێغی ناکا.












