چاودێری مافەکانی مرۆڤ وێرای پشتیوانیکردن لە هەڵوەشانەوەی سزای قامچی لە عەرەبستان خوازیاری دروستکردنی گۆڕانکاری بنچینەیی لە سیستەمی دادپەروەری ئەو وڵاتەیە.
هەواڵدەری “ڕۆیتێرز” ڕۆژی هەینی ٥ی خاکەلێوە بەڵگەیەکی لەسەر هەڵوەشانەوەی سزای لێدانی بە قامچی لە عەرەبستان دەست کەوتوە کە نیشانی دەدات دیوانی بەرزی عەرەبستان سزای قامچی لێدانی لە یاساکانی سزادانی ئەو وڵاتەدا هەڵوەشاندۆتەوە.
بە پێی ئەو بەڵگەیە بڕیار وایە سزای زیندانیکردن و پارە جێگەی ئەو سزایە بگرێتەوە. لە بەڵگەکەدا هاتووە هەڵوەشانەوەی سزای قامچی لە درێژەی چاکسازییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی “مەلەک سەلمان” و بە چاودێری “محەمەد بن سەلمان” ئەنجام دراوە.
جێگای ئاماژەیە کە لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بەردەوام بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێن، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە پاشکەوتن و بەدواداچووندا لە پلە یەکەمەکانی جیهانە.
لە کاتێکدا کە دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێران بە لانکی پێشکەوتن ناو دەبەن بەڵام لەسەر لەچکەیەک کچان دەخەنە قوژبنی زیندان و لەسەر وشەیەک دەنگەکان لەگەروودا دەخنکێنن و خەڵک لەسەر شەقامەکان و بە بەرچاوی دایک و مناڵ بە دارەوە دەکەن. ڕۆژانە خەریکی ساز کردنی زیندان و گۆڕستانن و خوێندکاران سەرکوت دەکەن و ئاوڕێک لە خوێندنگە ڕووخاوەکان نادەنەوە، ٤١ ساڵە وڵات بەرەو وێرانی دەڕوات و دەیانهەوێ بە زەبری چەک و قامچی کۆمەڵگە لە دواکەوتووییدا ڕابگرن.












