لەگەڵ ئەوەی کە ٢٠ وڵاتی جیهان بەیەکەوە دەیانهەوێ بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببنەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا تا ئێستاش چارەیەک بۆ ئەم نەخۆشییە نەدۆزاوەتەوە.
بەپێی ئەم هەواڵ و ڕاپۆرت و زانیاریانەی کە بڵاوکراونەتەوە، تا ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا گەیشتۆتە نزیک ٣ میلیۆن کەس و ژمارەی ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە لە ٢٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە کە ٥٢ هەزار کەسیان لە وڵاتی ئەمریکا بوون. وڵاتی دووهەمی کۆڕۆنا ئیتالیایە کە ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە نێو خەڵکی ئەو وڵاتە و تا ئێستا ١٩٥ هەزار کەس بە دەستییەوە دەناڵێنن و ٢٦ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆتە بەڵای گیانی خەڵک، لە هەمانکاتدا قەرەنتینەش بۆتە ژانەسەر بۆ دەوڵەتان و بۆتە هۆی بێزاری خەڵک لە ژیان. لە وڵاتی ئاڵمان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە قەرەنتینە خەڵک خۆپێشاندانیان ئەنجام داوە و دژی ئەنگێلا مێرکێل دروشمیان داوە، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی دژ بە بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا پۆلیسی ئەو وڵاتە ١٠٠ کەسی دەسبەسەر کردوە.
لە بەشێک لە وڵاتان دەوڵەتان هەوڵیانداوە خواردەمەنی بدەنە خەڵک بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، بەڵام لە زۆر وڵات ئەم هاوکارییە ناکرێ و خەڵک ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان یاساکانی قەرەنتینە پێشێل بکەن و بە دوای کار و ناندا بگەڕێن کە ئەمەش بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهاندا.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندەکان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئەم وڵاتە تا ڕۆژی شەممە ٨٩ هەزار و ٣٢٨ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ٥٦٥٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و هەر بەپێی وتەی وتەبێژی ئەو وەزارەتە ڕۆژی ڕابردوو ٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو ئامارانەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە زۆربەی ناوەندە تەندروستییەکانی جیهان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ئێران ئەم ئامارانە ڕەتدەکەنەوە و بە ناڕاستی دەزانن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتاوە هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای چەواشە کرد و ویستی بە چەواشەکاری هەواڵەکە وەک زۆربەی ڕووداوەکانی دیکە بیروڕای گشتیی ئێران فریو بدا، بەڵام بە مەرگی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ئەم درۆیەی ڕێژیم ئاشکرا بوو و بەڵگەیەکی دیکە بە بەڵگەکانی ڕێسوایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە زیادی کرد.












