پاش ئەمریکا، ئیسراییل، ئاڵمان و فەرانسە، بریتانیاش هەڵدانی مانگی دەسکرد و مووشەکی دوورهاوێژی لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بۆشایی ئاسمان مەحکووم کرد و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد یاساکانی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرێ.
لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند با کۆماری ئیسلامی لە باتی هەڵدانی مووشەک لە بیری خەڵکی هەژار و قەیرانە نێوخۆییەکانیدا بێ و ئەو پارەیەی خەرجی ئاژاوەگێڕی و تێرۆریستانی دەکا با بۆ خزمەت و ژیان و بژێوی خەڵکی ئێران خەرجی بکا.
هەروەها پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە وردەکاری هەڵدانی مووشەک لە لایەن سپای پاسداران بڵاو ناکەینەوە.
“جان هیتن”، ژنراڵی هێزی ئاسمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا سەبارەت بەو مووشەکەی کە بەم دواییە لە لایەن سپای پاسداران ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کراوە گووتی: “هەر مووشەکێک لە بۆشایی ئاسمان ببینین وەدوای دەکەوین و بە ڕوونی ناونیشانی دەزانین”.
لە درێژەدا گووتی: “ئەو وردەکاریەی دەزگا ئەمنییەکانمان سەبارەت بەو مووشەکە گووتویانە، لێرەدا باسی ناکەین. تەنیا دەتوانین بڵێین ئەو مووشەکە ڕێگەیەکی دوورودرێژی بڕیوە”.
” هیتن” ڕوو بە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەگەر مووشەکێکتان هەبێ جیا لەوەی بچێتە بۆشایی ئاسمان یان نا، هەروەها ئەگەر بتوانێ ڕێگەیەکی دورودرێژ ببڕیت، بە دڵنیاییەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت هاوپەیمانەکانی ئێمە مەترسیدارە.
” هیتن” لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: “دەبێ لەوە دڵنیابین ئەو مووشەکە هیچ کات نابێتە مەترسی بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا”.












