پاش هەڕەشەی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە لە کۆماری ئیسلامی، فەرماندەی سپای پاسداران هەڕەشەی لەناوبردنی کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس دەکا.
هەواڵدەری “ڕۆیتەرز” بڵاوی کردووەتەوە کە فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، “حوسێن سەلامی” جەختی لەوە کردووەتەوە ئەگەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس هەڕەشە لە ئێران بکەن، لەنێویان دەبەین.
شایانی باسە کە پاش ئەوەیکە هەواڵی نزیک بوونەوەی بەلەمەکانی سپای پاسداران لە کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، سەرکۆماری ئەمریکا دۆنالد ترامپ فەرمانی بە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە کەنداوی فارس کرد کە ئەگەر کەشتییەکانی ئێران لە کەنداوی فارس تووشی سەر ئێشە و ناخۆشیان کردن لێیان بدەن و لەناویان ببەن.
جێگای ئاماژەیە کە بەشێک لە شارەزایان پێیانوایە کە ئەم هەڕەشانە بۆ بردنەسەرەوەی نرخی نەوتە لە جیهاندا و لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی کە لەهەموو لایەکەوە لەژێر گوشاردایە و لە دنیادا زیاتر لەهەر کاتێک تەریک کەوتۆتەوە، بە هەوڵە ئاژاوەگێڕیەکانی دەیهەوێ زیاتر ناوچەکە نائارام و ئاڵۆز بکا.












