کەسێکی نەناسراو لە دوورگەی لیسبوس لە وڵاتی یونان بە چەک دوو پەنابەری بریندار کرد.
کاناڵی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی “ئای ئار تی” یونان لەسەر زانیاری و ڕاپۆرتی پۆلیسی یونان لە لیسبوس ئەو هەواڵەی بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی: تەقەکردنەکە لە ٧ کیلۆمیتری کەمپی مویرا ئەنجام دراوە کە بەپێی ڕاگەیاندنی پۆلیسی لیسبوس ئەو دوو پەنابەرە یەکیان ئێرانی و ئەوەی دیکە ئەفغانیە.
بە پێی هەواڵەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆخی پەنابەران لە دوورگەی لیسبوس زۆر دژوارە. لە کەمپی مویرا کە جێگەی ٢٧٠٠ کەس دەبێتەوە زیاتر لە ١٨ هەزار کەسی تێدا دەژین.
شایانی باسە کە لە مانگی ڕابردووە تووندئاژۆکانی یونان دەستیان کردوە بە هێرش بۆ سەر پەنابەران و فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکانی هاریکاری پەنابەران.
دۆخی خراپی ژیان لە وڵاتانی وەک ئێران و سووریە و ئەفغانستان وای کردوە کە زۆر کەس بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ڕێگەی هەندەران دەگرنەبەر و لە وڵاتی یونانەوە تێپەڕن و لەو ڕێگەیەدا تووشی سەدان کێشە و گرفت دەبن و بەشێک لەو پەنابەرانەش لەو ڕێگەیەدا گیان لەدەست دەدەن.












