سەرۆک کۆماری ئەمریکا “دۆناڵد ترامپ ” بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە پەیامێکی ئاڕاستەی موسوڵمانانی جیهان کرد کە داوای ڕێزگرتن لە ئاشتی و خۆشەویستی و بەها مرۆییەکانیان لێدەکا .
ترامپ لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا نووسیویەتی: “هیواخوازم موسوڵمانانی ئەمەریکا و سەرتاسەری جیهان ڕەمەزانێکی پڕ خێر و ئاشتی ببەنە سەر. بۆ ملیۆنان خەڵک لە سەرتاسەری جیهاندا، ئەم مانگە پیرۆزە هەلێکە بۆ خۆ نوێکردنەوە و پتەوکردنەوەی باوەڕیان لەڕێی بەڕۆژووبوون و نزاکردن و تاعەتکردن و خوێندنەوەی قورئان و کاری خێرخوازییەوە. ئەم کارانە زۆر نزیکن لەو بەها جیهانیانەوە کە ئیسلام فەرمانی پێکردوون، لەوانەش ئاشتی، بەزەیی، خۆشەویستی و ڕێزگرتن لەوانی دیکە. لە ماوەی ڕابردوودا هێزی نزاکردنمان لە کاتە ناخۆش و قورسەکاندا بینی. ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە پەیڕەوی ئەم کاتە پیرۆزە دەکەن ئاسوودەیی و دڵنیاییان لە باوەڕەکەیانەوە دەست بکەوێت”.












