به بیانووی رێگه‌نه‌دان به به‌ڕێوه‌چوونی کۆنسیرتی «مامۆستا شارام نازری و عه‌لی ئه‌کبه‌ر مورادی»
شارامی نازری ناوێکی ئاشنا و ناسراوه له بیاڤی ئاواز و مۆسیقی ئێران و، کرماشانی بوونی ئه‌م که‌ڵه‌هونه‌رمه‌نده له‌مێژه بۆ هه‌ر تاکێکی کورد به‌تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی که له بواری فه‌رهه‌نگ و هونه‌ردا سه‌رقاڵن غروورێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌خشیوه و هه‌تا له دوایین کونسێرتی؛ که له زێدی خۆی واته کرماشان به‌ڕێوه‌چوو به گوتنی ئه‌و گۆرانییه به‌ناوبانگه، که به هۆکارگه‌لی میژوویی و سیاسی، هه‌ژێنه‌ری هه‌ست و ویستی خه‌ڵکی کرماشان و ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو، ناو و نازناوی بوو به رۆژه‌ڤی فه‌زای فه‌رهه‌نگی و سیاسیی ئێران و سه‌رنجی هۆگرانی هونه‌ر و خه‌ڵکی کوردی به‌ره‌و لای خۆی ڕاکێشا. هه‌رچه‌ند هه‌ر زوو ده‌ست و پێوه‌ندییه‌کانی حاکمیه‌ت که‌وتنه دژایه‌تی کردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده کورده، چونکه ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی به شاگه‌شکه‌بوونی خه‌ڵکی کوردستان و بووژانه‌وه‌ی هەستی کوردایەتیی خەڵکی کرماشان، وه‌ک شارێکی میژوویی و هه‌ستیار خۆی به دۆڕاو زانی به‌تایبه‌تی که ئه‌م هه‌ژاندنه له لایه‌ن که‌ڵه گورانیبێژی ئێران و له کونسیرتێکی گرینگ هاته ئاراوه.
شارام نازری ئاوازدانه‌ر و مۆزیسین و ده‌نگخۆشی به‌ناوبانگی کورد، له ساڵی ١٣٢٨ی هه‌تاوی له شاری کرماشان و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هونه‌رمه‌ند له دایک ده‌بێ و هه‌ر به مێرمنداڵییه‌وه سیحری خرینگه‌ی ئامێری سێ تاره‌که‌ی باوکی، سه‌رنجی ڕاده‌کێشێ و ده‌ست ده‌کا بە فێربوونی ئامێرە موسیقاییه‌کان و له ته‌مه‌نی ٩ ساڵه‌ی له ڕادیۆ کرماشان یه‌که‌م ئاوازی بڵاو ده‌بێته‌وه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده که «شوالیه‌ی ئاواز» نازناویه‌تی، دوای ٣٠ساڵ خۆ ماندووکردن توانی سه‌بکێکی نوێ له مۆسیقا، که تێکڵاوێکه له ئه‌ده‌بیاتی حه‌ماسی و عیرفانی دابهێنێ و هه‌ر به‌و شێوه ئاوازه «شانامه کوردی» چری، که زۆر که‌س له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که له «شانامه‌ی فیرده‌وسی» کۆنتره.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده تاکوو ئێستا ٤٠ کاسێت و ئه‌لبوومی بڵاوکردوته‌وه و له نێوخۆ و له سه‌رانسه‌ری جیهان کۆنسیرتی به‌ڕێوه بردوه، مامۆستا نازری له رێگه‌ی کوڕه مامی واته «که‌یخوسره‌و پوورنازری» زیاتر له‌گه‌ڵ ئاوازه کۆنه‌کانی موسیقای کوردی به‌تایبه‌تی هی ناوچه‌ی کرماشان ئاشنا ده‌بێ.
شارام نازری له‌و ده‌سته هونه‌رمه‌ندانه‌یه که دوای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کۆماری ئیسلامی له ئیران ئهگهرچهی فه‌زای کاروباری هونه‌رییان ته‌سک و ناله‌بار بینی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای گشت گۆشار و فشاری مه‌زهه‌بی و سیاسی به‌سه‌ر هونه‌ر، وڵاتیان جێنه‌هیشت و مانه‌وه. هه‌ر له رێگه‌ی کاسێتی به ناوبانگی «گوڵی سه‌د په‌ڕ»ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به ژه‌نیاری بیژه‌ن کامکار یه‌که‌مجار ئامێری «ده‌ف» دێته نێو مۆسیقی ئێران و جێگه‌ی خۆی ده‌کاته‌وه. له گۆرانییه کوردییه‌کانی ده‌توانن «واران واران، شیرین شیرین، کابۆکێ،…. ناو ببه‌ین که به ئیستایل و شێوه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی خوێندوویه‌تی.
ئه‌م مه‌زنه هونه‌رمه‌نده له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێران و کوردستانیش ناسراوییه‌کی به‌رزی هه‌یه و، له ساڵی ٢٠٠٧زایینی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه بانترین نیشانی ئه‌و وڵاته، واته «لۆژیۆن دنۆ»و هه‌روه‌ها نیشانی «شوالیه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری» پێبه‌خشرا و، هه‌روه‌ها رۆژی ٢٥ی فورییه ساڵی ٢٠٠٦ له لایه‌ن شاره‌وانی شاری «سن دیه‌گۆ»ی ئه‌یالاتی کالیفورنیا، به رۆژی «شارام نازری» ناوزه‌د کرا… ئه‌م هونه‌رمه‌نده سه‌رکه‌وتووه ده‌یان شانازیی نێونه‌ته‌وه‌یی دیکەی تاکوو ئێستا به ده‌ست هێناوه. ئێستا پرسیار ئه‌مه‌یه هونه‌رمه‌ندێک ئه‌م هه‌موو شانازییه بۆ وڵاته‌که‌ی به‌ده‌ست هێناوه و ئاستی کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی وڵاته‌که‌ی به جیهان ناساندوه؛ بۆ ده‌بێ له وڵاتی خۆی ئیزنی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنیسرتی پێ نه‌درێ؟ بۆ ئه‌م پرسیاره ده‌بێ سه‌ره‌تا یه‌ک شت له پێش چاو بگرین که دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی شەهرام نازری به جۆریک به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به سیاسه‌ته‌کانی رێژیم به نیسبه‌ت خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت کۆمه‌ڵگه‌ی هونه‌ر، به شێوه‌ی فه‌رمی له نامه‌یکدا نووسی «که ناوه‌ندی ده‌نگ و ره‌نگی کۆماری ئیسلامی چیتر مافی بڵاوکردنی ئاوازه‌کانی منی نیه«. ئه‌مە یانی جیاکردنه‌وه‌ی رێگه‌ی خۆی له رێژیمێک که زۆر هه‌ولی ئه‌وه‌ی داوه له رێگه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه مهشرووعییەتی خۆی به‌ده‌ست بهێنێ و به جۆریک نا گوتن به ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نهگریستهیه، به‌ڵام له‌مه گرینگتر هۆکاری رێگه نه‌دان به هونه‌رمه‌ندانێک وه‌کوو شارام نازری و عه‌لی ئه‌کبه‌ر موردای «بۆ گرتنی کۆنسێرت و چالاکی هونه‌ری بێ شک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه که‌سایه‌تێکی خۆشناو و جێگای رێزن له کۆمه‌ڵگادا و، له زیندوو هێشتنه‌وه و پهرەسەندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به تایبه‌تی له ناوچه‌ی گرینگی کرماشان کاریگه‌رییان هه‌بووه و هه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز زۆری هه‌وڵ دا هه‌تا له ژێر ناوی ئێران «فارس بوون بکا به کلتوور و زمان و نه‌ته‌وه‌ی زاڵ و، نه‌ته‌وه‌کانی دیکه زیاتر لە په‌راوێز بخا». ریشه‌ی ئه‌م روانینه له مێژووی ئاسمیلاسیۆنی کرماشان وه‌کوو گه‌وره‌ترین شاری کوردان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ره‌زاخان، به‌ڵام دوای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کۆماری ئیسلامی به به‌هێزکردنی فاکتی مه‌زهه‌ب و هه‌روه‌ها «تفریسی» فه‌رهه‌نگی، هه‌وڵی کۆیله‌کردنی خه‌ڵک و بیری کوردستانیی کرماشان و ئیلام و ئه‌و ناوچانه‌یان دا.
به‌ڵام هه‌بوونی کاسانێکی هونه‌رمه‌ند و به‌هێز، بوونی ئه‌م ره‌هه‌نده
و شوێندانه‌ریی به‌سه‌ر جڤاک و جماندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و، به ده‌نگی به‌رز ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانییه :»خۆم کرماشانی فارسی نیه‌زانم … وهزوان کوردی قه‌زات له گیانم»، به ئاسانی سه‌هوڵبه‌ندانی بێدەنگی و سڕینه‌وه‌ی توانده‌وه.
که‌واته بۆ ده‌سه‌ڵاتێک که هه‌ر چه‌شنه جموجۆڵی فه‌رهه‌نگی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌لان به مه‌ترسی ده‌زانێ و تۆقیویی ده‌نگی وشیاریی گه‌له، گه‌لێک پێیان ناخۆشه و ئاساییه ناوچاوانیان له گەورەهونهرمهندانێکی وه‌کوو نازری تێک بده‌ن و خۆشیان نه‌وێ. تا ئاستێک که له وڵات و نیشتمانی خۆی رێگه نەده‌ن ئاواز بۆ خه‌ڵکی خۆی بچڕێ و به ئاوازی ئه‌هوورایی هه‌ست به‌و ئازارە بکه‌ن بە چرای چریکه‌ی بناری زاگرۆس.
ئه‌م رێگه نه‌دانه و هێرش کردنی به‌شێکی زۆر له میدیاکانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر «شارام نازری» دوای کۆنسیرتی شاری کرماشان و تاوانبار کردنی به‌مه که «وحدت ملی» تێکداوه زیاتر جێگای ڕامان و تێفکرینه. که ئاخۆ «وه‌حده‌تی میللی» چ مانایه‌کی هه‌یه، کاتێک کوردبوونی کرماشان و زمانه‌که‌ی نکۆڵی لێده‌کرێ و هه‌ر حه‌ره‌که‌تێکی فه‌رهه‌نگی/ کوردی ده‌که‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه. که‌واته گه‌ل و میلله‌ت له لای ئه‌وان ته‌نیا «فارس»ه و به‌س. ئه‌مه سه‌ره‌کیترین نیشانه‌ی پاوانخوازییه که مه‌حکووم به شکست و له ناوچوونه.
بۆیه ئه‌م دوو رووداوه واته یه‌که‌م بێ رێزی و هێرشی میدیاکانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات به «شارام نازری» و دووهه‌م رێگه‌نه‌دان به به‌ڕێوه‌بردنی کونسیرت نیشانده‌ری ئه‌مه‌یه که هه‌م ده‌سه‌ڵات هه‌ستی به دۆڕاوی سیاسه‌ته‌کانی خۆی کردوه به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران، هه‌م هونه‌رمه‌ندانێک وه‌کوو»نازری» باشتر ده‌زانن که باشترین و به‌رزترین پێگه‌یان؛ پێگه‌ی گه‌ل و نیشتمانی خۆیانه. چ چاکتر زیاتر بڕوایان به‌مه هه‌بێ که «کوردستان گه‌ر تۆ نه‌بی گیان و ژینم بۆچییه«…
…………….
ژێده‌ر:
ماڵپەڕی»: پیک ایران»
ماڵپه‌ڕی کوردستان وکورد
لە ژماره ٦٦٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه