ژنێکی خەڵکی گوندی سینگانی شنۆ لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ژنێک بە ناوی “مەنیجە قادری” کە لە ئەسڵدا خەڵکی گوندی سینگانی شنۆیە و دانیشتووی نەغەدە بووە، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
جێی ئاماژەیە کە مەنیجە قادری بەهۆی کێشەیەکی بنەماڵەیی کە بۆی هاتۆتە پێش و بەهۆی نەدارییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
خۆکوشتن لە کۆمەڵگەی ئێراندا بۆتە دیاردەیەکی دڵتەزێن و چارەسەرنەکراو و ساڵانە سەدان کەس لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی کە بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆی ئەم کەیسەن، تا ئێستا نەک هەر هیچ هەنگاوێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆکوشتن و چارەسەری هۆکارەکانی هەڵنەهێناوەتەوە، بەڵکوو حکوومەت خۆی بەشی سەرەکی و هۆکاری ئەسڵی خۆکوشتنی خەڵکە کە لە ناعەداڵەتیدا خۆی دەبینێتەوە. توندوتیژی دژی ژنان، کێشەی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی، برسییەتی و بێکاری و هەژاری هەموویان لە ئەستۆی دەوڵەتن و کۆماری ئیسلامی هۆکاری ئەسڵی ئەم دۆخەیە کە خەڵک تەحەممولی ناکا و بۆ خۆڕزگارکردن پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.