ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ململانێی زلهێزەکان و بەشێک لە وڵاتانی جیهان و شەڕ و کوشتار و داڕمانی ئابووری و برسییەتی، بۆتە کێشەیەکی گەورەی دیکە بۆ وڵاتانی جیهان.
لەگەڵ سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و داگیرکردنی جیهان لە لایەن ئەم ڤایرۆسەوە، دەوڵەتان و لایەنە پێوەندیدارەکان لە هەر ڕێگەیەکەوە کە بۆیان لوابێ هەوڵیانداوە پێش لە تەشەنەسەندنی بگرن بەڵام تا ئێستاش هەوڵەکانیان ئاکامێکی دڵخوازی لێنەکەوتۆتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی جیهان داوایان کردوە کە حەڕەکەتێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەستپێبکەن. “ئێمانۆئێل ماکڕۆن” سەرۆک کۆماری فەڕانسە، “ئانگێلا مێرکێل” و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا لە کۆنفڕانسێکی ڤیدیۆییدا داوایان لە وڵاتانی جیهان کرد کە بێنە نێو ئەو هاوپەیمانییەوە.
تا ئێستا دەوڵەتانی جیهان داهاتێکی زۆریان بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندنی ئەم ڤایرۆسە تەرخان کردوە و لەهەمانکاتدا کۆڕۆنا زەبرێکی گورچکبڕی لە ئابووریی جیهان داوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتوانان بیر لە ڕێگە چارەیەکی دیکە بکەنەوە کە ئەویش بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنایە بە یەکڕیزی و لە یەک هاوپەیمانەتیدا.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سەرانسەری جیهان گیانی لە ١٩٧ هەزار و ٣١٨ کەس سەندووە و دوو میلیۆن و ٨١٣ هەزار و ٩١٥ کەسیشی بەخۆیەوە گرفتار کردوە و بۆتە هۆی دڵەڕاوکێی هەموو خەڵکی جیهان کە تا ئێستاش خەڵکێکی زۆر هەر لە ماڵەکانیاندا قەرەنتینەن و قوژبنی ماڵەکانیان بە ئەمنترین شوێنی جیهان دەزانن.












