بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی بە ئێعدامی دوو بەندکراوی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و بە ئەشکەنجە کوشتنی زیندانییەکی دیکە بە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.
“میشل پاچلێ” بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لە هەمبەر لەسێدارەدانی” شایان سەعیدپوور و مەجید ئیسماعیل زادە ” لە ماوەی کەمتر لە چوار ڕۆژدا دەربڕی و هەروەها داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە لیکۆڵینەوە لە کوشتنی “دانیال زەینەلعابدین” بکا کە لە زیندان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا و بکوژانی سزا بدا.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و مرۆیی لەبەرچاو نەگرتووە و نایگرێ و بەداخەوە ڕێکخراوە جیهانییەکانیش تەنیا بەدەرکردنی ڕاگەیەندراوێک کۆتایی بە ئەرکەکانیان دێنن.












