ڕۆژنامەوانانی پارێزگای تەورێز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی گوشار بۆ سەر ڕۆژنامەوانان لەو پارێزگایەدا باسی ناڕوونی و ناڕاستبوونی هەواڵەکانی تایبەت بە کۆرۆنا دەکەن.
سایتی “نەسر نیوز” لە پارێزگای تەورێزدەڵێ: “هاوکات لە گەڵ سەرانسەری ئێران لە تەورێزیش گوشارێکی زۆر لەسەر هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانانە کە دەبێ تەنیا هەواڵ و ئامارەکانی ڕاگەیەندراو لە لایەن وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی پزیشکی تەورێزەوە بڵاو بکەنەوە، لە حاڵێکدا ئەو ئامار و هەواڵگەلە دوورن لە ڕاستییەوە”.
شایانی باسە کە بە تاوانی بڵاوکردنەوەی ئاماری تووشبوان بە پەتای کۆرۆناوە لە ماوەی دوو مانگدا سەدان کەس لە شارەکانی ئێراندا دەسبەسەرکراون.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئێرانیان بە یەکێک لە زیندانەکانی ڕۆژنامەوانان ناساند و ڕایانگەیاند کە لە ١٨٠وڵاتی جیهاندا ئێران لە پلەی ١٧٣دایە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری.
سەرکوتی ڕۆژنامەوانان بەشێوەیەکی سیستماتیک لە ئێراندا بەردەوامە و هەموو شتێک دەبێ لەژێر تیغی سانسۆری کاربەدەستان و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمدا تێپەڕ بێ و کۆماری ئیسلامی بەردەوام لەلایەن ڕێکخراوە پێوەندیدارەکانی نێونەتەوەیی تایبەت بە مافی مرۆڤ دەکەوێتە بەر ڕەخنە و مەحکووم دەکرێ.