لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی مانگێکی دەسکردی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕشەی لە ئێران کرد و گوتی ئەم هەوڵە کاردانەوەی لەدوا دەبێ.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فەرانسە، ” مایک پۆمپئۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە واشنتۆن گوتی: ” کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم هەوڵە، یاسا دیاریکراوەکانی شۆڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردوە. لە درێژەی باسەکەیدا هەروەها گوتی: “پێم وایە دەبێ ئێران بۆ وڵامدانەوەی ئەمە بانگهێشت بکرێ”.
لە لایەکی تریش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ” مۆرگان ئورتگاس” لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی فارسی کاناڵی” بی بی سی” ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیهەوێ پەروەندەی هەڵدانی مانگی دەسکرد لە لایەن ئێرانەوە بباتە شۆڕای ئەمنییەت و ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵدانی ئەو مانگە پێچەوانەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
جێی ئاماژەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی٩٩ی هەتاوی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگێکی دەستکردی بە مەودای ٤٢٥ کیلۆمیتریی گۆی زەوی ڕەوانە کردوە ، ئەمەش سەرەڕای هۆشداری ڕێکخراوە جیهانییەکان و بە تایبەت ئەمریکا دێت کە پێیانوایە کۆماری ئیسلامی بەمشێوەیە دەیهەوێ مووشەکە دوورهاوێژەکانی خۆی تاقی بکاتەوە.












