ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، حوکمی لەسێدارەدانی “لوقمان ئەحمەدپوور” خەڵکی بانە، زیندانیی تاوانبار بە “کوشتنی بەئەنقەست”، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
ئەو زیندانییە بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” لە بانە دەسبەسەر کرابوو و دواتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “وەفاییان” بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە.
ناوبراو تەمەنی ٣٠ ساڵ و، هەروەها خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.
جێی ئاماژەیە هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، “شایان سەعیدپوور”، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام، لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا.
شایان سەعیدپوور لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کەسێکی بە ناوی “سلێمان ئازادی”ی کوشتبوو.
جێی ئاماژەیە لە تازەترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئیعدامدا بڵاوی کردەوە ئێرانی بە بەرپرسی یەک لەسەر سێی ئیعدامەکان لە جیهاندا تۆمار کردوە.