کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی نیشتمان، چالاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە هاوکاریکردن و ڕێز گرتن لە کارمەندانی تەندروستی بەردەوامن.
ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی بەشێک لە شاعیران، نووسەران و مامۆستایانی ئایینی شاری بانە وەک شارەکانی دیکەی کوردستان بە مەبەستی ڕێز گرتن لە خزمەتگوزاریی پەرستاران و سەرجەم کادری دەرمانی و پزیشکانی نەخۆشخانەی “ڕازی” بانە لە بەردەم نەخۆشخانەکە ئامادە بوون و سپاسی هەموو فەرمانبەرانی بنکەی تەندروستی و دەرمانی ئەم شارەیان کرد.
لە لایەکی تریش خۆبەخشانی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” لە شاری سنە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لە درێژەی چالاکییەکانیاندا سەردانی بنکەی تەندروستیی “بەهاران”یان ، لە شاری سنە کرد و بە چەپکە گوڵ و خوێندنەوەی پەیام و نووسراوە، ڕێز و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ کادری پزیشکی و دەرمانی شاری سنە و ڕۆژهەڵات دەربڕی و ٥٠٠ دەست جلوبەرگی تایبەتی پزیشکی لە لایەن چەند خۆبەخشی شاری سنە و بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکان و نووسەرانی شاری سنە، پێشکەش بە کادری پزیشکی نەخۆشخانەی ئەوشارە کرا.