سپای پاسداران هەڵدانی مانگێکی دەسکردی بۆ بۆشایی ئاسمان ڕاگەیاند .
بە پێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی”سپا نیووز” بڵاوبۆتەوە بەرەبەیانی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی٩٩ی هەتاوی، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانگێکی دەستکردی بە مەودای ٤٢٥ کیلۆمیتریی گۆی زەوی هەناردە کردوە و ئەمەش سەرەڕای هۆشداری ڕێکخراوە جیهانییەکان و بە تایبەت ئەمریکا دێت کە پێیانوایە کۆماری ئیسلامی بەمشێوەیە دەیهەوێ مووشەکە دوورهاوێژەکانی خۆی تاقی بکاتەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی دوومانگی پێشدا جارێکی دیکە ڕێژیم هەوڵی هەناردنی ئەو مانگە دەسکردەی دابوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئەمجارەش هێشتا هیچ وڵاتێک هەناردەکردنی مانگی دەسکردی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتڕاست نەکردۆتەوە .
ئەم ڕێژیمە سەرەڕای قەیرانی بێکاری و هەژاری خەڵکەکەی بەردەوام بەشێکی بەرچاوی بوودجەی ئەم وڵاتەی خەرجی بەشی سەربازی و ئاژاوەگێڕی کردوە و ئەمەش بۆتە هۆی تەریک کەوتنەوە و گەمارۆی سەر ئێران کە زیانمەندی یەکەمی هەموو ئەم قەیرانانە خەڵکی ئێرانن و کۆماری ئیسلامیش هەر بەدوای بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەکەیەوەیە و هیچ بایەخێک بە ژیانی خەڵکی ئێران نادا .