کۆڕۆنا بۆتە مەترسییەکی جیددی بۆسەر گیانی خەڵک و لەوبارەوە بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک هۆشداری دا.
بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیانی میلیۆنان ئینسان لە مەترسیدایە و لەوانە ٢٥٠ میلیۆن کەس بەهۆی برسییەتی مەترسیی جیددیان لەسەرە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک ڕایگەیاند کە تا ساڵی ٢٠١٩ زایینی بەهۆی کەشوهەوا، شەڕ و زیانە ئابوورییەکان ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی برسییەتییەوە مەترسیی جیددیان لەسەر بوو، لە ١١٣ میلیۆن کەسەوە بۆ ١٣٥ میلیۆن کەس زیادی کردوە.
لەگەڵ ئەوەی کە برسییەتی و هەژاری مەترسییەکی گەورەی جیهانییە، سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆناش بۆتە هۆکارێکی جیددی بۆ سەر ئابووریی جیهان و ئەمەش ئاماری برسی و هەژارەکانی جیهانی زیاتر کردوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە جیهاندا تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ٢ میلیۆن ٥٥٧ هەزار کەس تێپەڕیوە و لەوانەش ١٧٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.












