بە هۆی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی کاری بیناسازی ٢٥ هەزار کرێکار لە کرماشان بیکار بوون.
بەرپرسی گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای کرماشان “مەسعوود شەریفی”، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ڕێگاوبان و شۆرای بیناسازیی کرماشاندا وتی: “بەهۆی پەتای کۆرۆنا و کەمبوونەوەی داهاتی خەڵک و هەروەها قەدەغەی هاتوچۆ، ٢٥ هەزار کرێکاری بیناسازی لە پارێزگای کرماشان کارەکانیان لەدەست داوە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین”.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەی کە زۆربەی ئەم کرێکارانە بیمەی بێکاریشیان نییە هەر بۆیە ناتوانن لە بیمەی بێکاری کەڵک وەربگرن.
شایانی باسە کە پێش کۆڕۆناش پارێزگاکانی کوردستان بەرزترین ئاماری بێکاری و هەژارییان لە ئێراندا هەیە و ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ پشتگوێخستنی ئەم پارێزگایانە لە لایەن ڕێژیمەوە و بێجگە لە کرێکارانی بیناسازی دەیان هەزار کەس لە کرێکاران لە کارو پیشە جیاجیاکاندا یان بێکارن یان بژێوی ژیانیان ئەوەندە نییە کە بتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان و بنەماڵەکانیانی پێ دابین بکەن.