خاتوو “کوبڕا عەزیمی” مامۆستا و یەکێک لە نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان، لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢١ی ئاوریلی ٢٠٢٠ی زایینی، خاتوو “کوبرا عەزیمی”، ماموستا، چالاکی کۆمەڵایەتی و چالاکی ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، لە ستوکهۆڵمی پێتەختی سوئێد، لە تەمەنی ۹٤ ساڵیدا، چاوەکانی بۆ هەمیشە لەسەر یەک دانا و ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو “کوبڕا عەزیمی” یەکێک لە خانمە چالاک و ناسراوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە کە لەو سەردەمەدا چەندین وتار و بابەتی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە و هەوڵێکی زۆری بۆ پێگەیاندن و دەرخستنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا داوە، لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا کە بۆ ژنان گیراوە وتاری پێشکەش کردووە و سەرەڕای ئەرکی مامۆستایەتی منداڵان، ئەرکی مامۆستایەتی گەورەساڵانی بۆ ژنان وەئەستۆ گرتوە و بێ پسانەوە بۆ پێگەیاندن و وشیار کردنەوەی ژنان لەو سەردەمەدا تێکۆشاوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی خاتوو کوبڕا عەزیمی و خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.












