خاتوو “ئایشێ قازی” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
شەوی دووشەممە، ١ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی خاتوو “ئایشێ قازی” هاوژینی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک ” خدر قازی” و خوشکی کادری دێرینی دێموکرات کاک “ئەحمەد قازی” بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو هەر لە سەردەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێکەڵ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەبێ و شانبەشانی براکەی و ئامۆزاکەی واتە کاک خدر قازی هاوژینی دەبنە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە شێوەی ڕەسمی دەبێتە پێشمەرگە و، لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بە ناچاری زێد و نیشتمانی خۆی جێدەهێڵێت و دەچێتە باشوری کوردستان، دوای چەندین ساڵ مانەوە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی ڕوودەکاتە دەرەوەی وڵات و تا دوا ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی وەفادار بە حیزب و گەلەکەی مایەوە.
شایانی باسە، بنەماڵەی قازی یەکێک لەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرانەن کە زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەکەیان بەشدراریان لە خەباتی گەلی کورددا کردوە و لەو ڕێگایەشدا شەهیدیان داوە، شەهید “محەممەد شیرینی” یەکێک لەو شەهیدانەی ڕێگای ئازادی کوردستانە کە دەکاتە خاڵی خاتوو ئایشێ قازی.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی قازی و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.












