ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادی ڕۆژنامەگەریدا لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا لە ڕیزبەندی ١٧٣دا جێی گرتوە.
ڕێکخراوی “هەواڵنێرانی بێسنوور” لە تازەترین بڵاکراوەیدا تایبەت بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری کە بڵاویکردۆتەوە، ئێران لە ڕیزی ١٧٣ی ئەم ڕیزبەندییەدایە .
ڕۆژی سێشەممە، ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە تازەترین ڕاپۆرتیدا کە هەموو ساڵێک لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادی ڕۆژنامەگەری و بڵاوکراوەکاندا بڵاوی دەکاتەوە، وڵاتی نۆروێژ بۆ چوارەمین جار بە ئازادترین و ئەمنترین وڵات بۆ بڵاوکراوەکان و ڕۆژنامەگەری دەستنیشان کراوە و هەریەک لە وڵاتانی فەنلاند و دانمارک لە ڕیزبەندی دووەم و سێیەمدان.
بە پێی ئەم بڵاوکراوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خشتەکەدا لە ڕیزبەندی ١٧٠ جێی گرتوە و سێ پلە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو دابەزیوە و یەکێک لەو ١٧ وڵاتانەیە کە لە نەخشەی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بە ڕنگی ڕەش دیاری کراون.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتەکەیدا لەبارەی ئێرانەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەک سەرکوتکەرترین وڵات لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ناوبردوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لانیکەم ٨٦٠ ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر لە شارەکانی ئێران دەسبەسەر و ئیعدامکراون.
هەروەها باسی لەوە کردوە کە حکوومەتی ئێران بە چاودێری و سانسۆڕ خستنە سەر بڵاوکراوەکان، ئازار و ئەشکنجەی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، دادگایی کردنی نادادپەروەرانە و دەسبەسەرکردن و حوکمی درێژخایەن بۆ ڕۆژنامەنووسان ئەو وڵاتەی کردۆتە شوێنێکی نائەمن بۆ ڕۆژنامەنووسان.
ئەم ڕێکخراوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەش کردوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارەکانی بۆسەر بڵاکراوە و ڕۆژنامەنووسان تەنانەت سنوورەکانیشی تێپەڕاندووە و بڵاوکراوە نێونەتەوەییەکانیشی کردۆتە ئامانج.