سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، شایان سەعیدپوور، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز لە سێدارەدرا.
بنەماڵەی “شایان سەعیدپوور”، که ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی زیندانی سنە کرابوون و هەروەها هەوڵەکانی هاووڵاتییانی شاری سەقز، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە، بۆ پێشگرتن لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە مەحکووم بە سێدارەیە، بێئاکام مایەوە، ناوبراو لەسێدارەدرا.
ڕۆژی ٨ی خاکەلێوە، “شایان سەعیدپوور” لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان هەڵبێ، ئەو زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامە دواتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.
شایانی باسە کە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤ی هەتاوی، شایان سەعیدپوور لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کەسێک بە ناوی “سلێمان ئازادی” دەکوژێ.
ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن دادگای سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “وەفاییان” بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابۆوە.
سەپاندنی حوکمی سێدارە و جێبەجێ کردنی بە سەر مێرمنداڵاندا لە ئیران لە کاتێکدایە کە ماوەی ٢٦ ساڵە ئێران جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەوپەیوەندییەدا واژۆ کردووە، کە بەپێی ئەو جاڕنامەیە سەپاندنی حوکمی سێدارە و بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەر مێرمنداڵاندا نایاسییە.
لە کاتی ناڕەزایەتی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز ٧٤ بەندکراو توانیان هەڵبێن، شایان سەعید پوور و شۆڕش مروەتی دوو لەو بەندکراوانە بوون کە توانیان هەڵبێن و ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە، ١٠ ڕۆژ دوای هەڵاتن لە بەندیخانە، لە گوندی سەبەتلووی شاری بانە دەستبەسەر کرانەوە.
مستەفا سەلیمی، یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانە بوو کە دوای ئەوەی کەوتەوە دەست هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە ٢٣ ی خاکەلێوە لە بەندیخانەی سەقز لە سێدارەدرا.