کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ “حاجی ئەحمەد کامەرانی” کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، کاک “حاجی ئەحمەد کامەرانی” کۆچی دوایی کردووە.
کاک حاجی ئەحمەد ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بەتاوانی ئەندام بوون لەحیزبی دیمۆکراتی کوردستان وەک کەسێک کە هاوکاری و یارمەتی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلەکەی کردوە دەسبەسەر دەکرێ و دەخرێتە سیاچاڵەکانی ڕێژیم وحوکمی قورسی بەسەردا دەسەپێنن. ناوبراو سەرەتا بە ئیعدام و دواتر حوکمەکەی دەگۆڕێ بۆ ئەبەد و پاشان بۆ ماوەی چەند ساڵ لەزیندانەکانی ڕێژیمدا دەکەوێتە بەر ئازار و بێڕێزی جەللادەکانی ڕێژیمی ئاخوندەکان.
حاجی ئەحمەد لەزینداندا لە دوو بەندی ٧ و ٨ی زیندانی ورمێدا بەکەسێکی خۆڕاگر وخۆش قەلب و قسەخۆش ناسرابوو.
شایانی باسە کە کاک حاجی ئەحمەد لە ناوچەکانی شنۆ و پیرانشار وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و زیندانیی سیاسی وهەروەها وەک کەسێکی تێکۆشەر ناسرابوو و جێگای ڕێز وحورمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک حاجی ئەحمەد کامەرانی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.