پاش ئەوەی کە بڕیار درا کە کانزای بەرهەمهێنانی بەردەخەڵووز بدرێ بە بەشی تایبەت و گوشارەکان بۆسەر کرێکاران زیاد بکرێ، ٣ هەزار کرێکاری ئەو کانزایانە لە سێ شاری “زەرەند، کووهبەنان و ڕاوەر” سەر بە پارێزگای کرمان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستیان لە کارکێشایەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ١ی گوڵانی ٩٩ی هەتاوی، ٣ هەزار کرێکاری کانزای بەرهەمهێنانی بەردەخەڵووزی پارێزگای کرمان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری لەناکاوی حکوومەت بۆ ڕادەستکردنی ئەو کانزایانە بە بەشی تایبەت کە ئاکامەکەی کەمبوونەوەی داهات و گوشاری زیاترە بۆسەر کرێکاران، دەستیان لە کار کێشایەوە و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو کارە خۆپیشاندانیان ساز کرد و هۆشدارییان داوەتە بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارانە کە دەبێ کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم وڵامی داواکارییەکانی ئەو کرێکارانەی نەداوەتەوە .
شایانی باسە کە سەرەڕای هەبوونی کانزا و سەروەت و سامانێکی زۆر لە ئێراندا بەڵام بە هۆی گەندەڵی و دزی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و خەرجی تێرۆر و تێرۆریستانی وڵاتانی دیکە خەڵکی ئێران لەوپەڕی هەژاری و بێکاریدا دەژین.