درەنگانی شەوی دووشەممە ١ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە درێژەی هێرشەکانیاندا فڕۆکەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە و هاوکات لەگەل سەفەری “محەممەد جەواد زەریف” وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سووریە هێرشیان کردە سەر سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان لەو وڵاتە.
بە پێی هەواڵی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ١ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند بنکە و بارەگای سپای قودس و حیزبوڵای لوبنانیان لە پارێزگای حەمس لە سووریە کردە ئامانج، بەڵام هێشتا لە زیان و خەسارەکانی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە بەڵام ڕاگەیاندنە نافەرمییەکان باس لە برینداربوونی “ماهێر ئەسەد” برای بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریە دەکەن .
شایانی باسە کە لەماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریە و جێگیربوونی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنان سەدان جار ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی سپای قودس لەو وڵاتە، بەڵام کۆماری ئیسلامی تەنیا بێدەنگی هەڵبژاردوە و سەرەڕای هەموو هەڕەشەکانی لە ئیسرائیل توانای هیچ وڵامدانەوەیەکی نییە.












