“بێنی گانتز” و “بنیامین ناتانیاهو” پاش سێ هەڵبژاردن ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی بۆ ئیسرائیل.
سەرۆک وەزیری ئیسرائیل “بێنیامین ناتانیاهو” ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکەی”بێنی گانتز”دا واژۆ کرد بە مەبەستی پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتیمانی.
لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە “ناتانیاهو” بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و دواتر “گانتز” دەسەڵات وەردەگرێت و دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا سێ هەڵبژاردن لە ئیسڕائیل بەڕێوەچوون و هیچ کام لە هەڵبژاردنەکان یەکلاییکەرەوە نەبوون و گانتز و ناتانیاهو شکستیان هێناوە لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا.
گانتز دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە وتی: “نەمان هێشت هەڵبژاردنی چوارەم بکرێتەوە. دێموکراسی دەپارێزین و دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەجەنگین و بایەخ بە هەموو هاووڵاتیانی ئیسڕائیل دەدەین.
گانتز کە پێشتر سەرکردەیەکی سوپای ئیسڕائیل بووە، پۆستی وەزیری بەرگری وڵاتەکە دەگرێتە دەست تاوەکوو دەبێتە سەرۆک وەزیر، هەروەها حیزبە سیاسییە هاوپەیمانەکانیشی بەهەمان ڕاددەی حیزبەکەی ناتانیاهو وەزارەت وەردەگرن.












